ناوهڕۆك
پێکهاتەکانی دەمارگیری
دەمارگیری سێ پێکهاتەی سەرەکی هەیە:
١- پێکهاتەی هەڵچوونی:
ئەم پێکهاتەیە بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکیەکان دەژمێردرێت چونکە ئەگەر لایەنی هەڵچوونی لە کەسی دەمارگیر بەدی نەکرێت ناتوانین پێی بڵێین ئەو کەسە دەمارگیرە، یەکێک لەو چەمکانەی پەیوەست لەگەڵ ئەم پێکهاتەیە چەمکی لاگیر (تحیز)ـە واتە نەبوونی بڕیاری بابەتی لەسەر کەسەکان یان شتەکان.
٢- پێکهاتەی مەعریفی:
لە پێشەوە باسکرا دەمارگیری پەیوەست بەو بیروباوەڕەی کەسەکە هەیەتی دەربارەی کەسی تر، وەک قوتوی ئامادە (القوالب النمطیة) کە ئەویش چەسپاندنی بیر و باوەڕێکە لە هزری کەسەکە بێ ئەوەی ئامادەیی گۆڕینی تێدابێت.
٣- پێکهاتەی ڕەفتاری:
کەسی دەمارگیر ڕەفتاری تایبەتی هەیە لەم ڕوانگەی ئەم ڕەفتارانە دەتوانین بڕیار لەسەر کەسەکە بدەین، تاچەند دەمارگیرە.
چۆنیەتی زانینی ڕێژەی دەمارگیری
یەکێک لە زاناکان بە ناوی (ئەلبۆرت) پێوەرێکی تایبەتی دانا بۆ ئەوەی ڕێژەی دەمارگیری کەسەکە بزانێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
أ- دەرنەبڕینی زارەکی دژی کۆمەڵێک یان شتێک لە دەرەوەی سنوری کۆمەڵی خۆی: ئەویش لاوازترین جۆری دەمارگیریە، واتە کەسەکە لە دەرەوەی سنوری جەماعەتی خۆی هیچ قسەیەک ناکات، نیشانەی دەمارگیری پێوە دیاربێت، بەڵام لەناو گروپی خۆی دەربڕینی هەیە.
ب- دوورکەوتنەوە: ئەگەر هات و دەمارگیری لای کەسەکە زیادبوو وا لەو کەسە دەکات ڕەفتاری بگۆڕێت، بۆ نمونە خۆی دووردەکاتەوە لەو کەسانەی بوونەتە بابەتی ڕق لێ بوونەوەی ئەو. (وەک سەلام نەکردن لێیان، یان نەچوون بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەوانی لێیە).
ج- جیاکاری: لەم قۆناغە کەسی دەمارگیر هەوڵی ئەوە دەدات هیچ ئاسانکاریەک نەداتە ئەو کەسانەی لە گروپەکەی ترن، واتە ئەو کەسانەی دەمارگیریان دژی دەکرێت هیچ بوارێکی نادرێتێ بۆ ئەوەی پۆستی باش وەربگرن لەو دەزگایەی کە تیایدا کار دەکەن.
د- پەلامار و ئازاری جەستەیی: زۆر جار رق لێبوونەوە وا لە کەسەکە دەکات لە بارودۆخێکی هەڵچوونی تایبەتدابێ، تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی پەلاماری ئەو کەسە بدات کە بوویتە بابەتی ڕق لێبوونەوەی ئازاری جەستەیی بدات.
هـ- لەناوبردن: دوا قۆناغی دەمارگیر ئەوەیە هەوڵی لەناوبردنی ئەو کۆمەڵە کە بوینە مایەی ڕق لێبوونەوە، لە جۆرەکانی لەناوبردن پڕۆسەی (جینۆسایدە، یان لە سێدارەدان بێ دادگایی کردن).